شەوی شەممە ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، لانیکەم ٦ هاونیشتمانی بە ناوەکانی “سدیق عەباسنژاد” کوڕی مەلا ڕەحمان خەڵکی گوندی “قەڵای هۆلاکۆ”، “بێهزاد بەرجستە” کوڕی باییز، “کەیوان بەرجستە” کوڕی تاغی، “شەهاب توان” کوڕی خالید، “نیما قوربانیزادە” کوڕی لوقمان خەڵکی گوندی “برایماوا” و “خالق ڕەحیمی” خەڵکی گوندی “گامێشگۆلی” و دانیشتووی شیناوە سەر بە شاری میاندواو، لەلایەن چەند تیم لە هێزە ئەمنییەکانی ورمێ و میاندوواو، بە ماشینی پلاک شەخسی و بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکانیان، بە شێوەیەکی توندوتیژ دەسبەسەر کران.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی ڕاگەیاند: هێزە ئەمنییەکان بەبێ حوکمی دادوەر، هاوکات هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو سێ گوندە و بە شێوەیەکی توندوتیژ و بە بێڕێزیکردن بە بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان، ئەوانیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.
ئەم سەرچاوەیە زیادیشی کرد: هێزە ئەمنییەکان دوای دەسبەسەرکردنی خالق ڕەحیمی و توندوتیژینواندن لەگەڵ ئەو و هاوسەرەکەی، دەرکەیان بەسەر بنەماڵەکەیاندا بەستووە و بە هاتوهاوار و لێدان لە ماڵەکەی دەرکەوتوون.
تا ئێستا لە شوێنی ڕاگرتن، هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاونیشتمانییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.