لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەم ڕۆژانەی دواییدا، هەشت هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی سۆفی ڕۆستەمی، زەینەب یووسفپوور، شیلان ڕۆستەمی لە ورمێ، سۆران دوورجەدوور لە پیرانشار، هیوا عەبدی، محەممەد عەباسی و عوبەید سووری لە بۆکان و مەولوود خالیدی لە شنۆ دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤، محەممەد عەباسی خەڵکی گوندی “گوێگجەلی”، عوبەید سووری خەڵکی گوندی “شیناوێ” و هیوا عەبدی خەڵکی “ئیبراهیمئاوا”ی سەر بە بۆکان لە ماڵی خۆیاندا دەسبەسەر کران.
هاوکات و لە هەمان ڕۆژدا، سۆفی ڕۆستەمی، ٦٠ ساڵە و خەڵکی باینگان سەر بە پاوە، هاوژینەکەی زەینەب یووسفپوور، ٤٩ ساڵە و خەڵکی بۆکان و شیلان ڕۆستەمی، ٢٣ ساڵە و کچی ئەوان، لە ماڵی خۆیان لە ورمێ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر کراون.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤، مەولوود خالیدی، ٣٣ ساڵە و خەڵکی گوندی “میراوێ”ی سەر بە شنۆ، لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.
لە لایەکی دیکەوە، لە هەمان ڕۆژدا سۆران دوورجەدوور، خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە لەم شارە دەسبەسەر کراوە.
هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران، هۆکارەکانی دەسبەسەرکران یان تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.





