بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، ئاژوان خەزرییان، چالاکی مەدەنیی کورد و خەڵکی شاری سەردەشت، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان بەبێ حوکمی دادگا و بە هەڵکوتانە سەر شوێنی کاری ئەم چالاکە مەدەنییە، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و هاوکات سەرجەم کەرەستە ئەلیکترۆنییەکانی لەوانە کۆمپیوتەر و کەلوپەلە دیجیتاڵییەکان و هەروەها مۆبایلەکەشیان دەست بەسەردا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
شایانی باسە، لە کاتی دەسبەسەرکردنی هەتا ئێستە، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن، دۆخی یاسایی، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی و هەروەها دۆخی جەستەیی و دەروونیی ئاژوان خەزرییان لە بەردەستدا نییە.





