چاونیوز: دوو هاووڵاتیی کوردستان بە نایاسایی و پشتبەستن بە زۆرەملێ، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی خەڵکی قوروە، سەربە پارێزگای سنە، بە ناوی “میلاد موزەفەری”، بەبێ حوکمی قەزایی، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هەروەها هاووڵاتییەکی تر، بە ناوی “محەممەد سەنگوانەیی”، خەڵکی گوندی “سەنگوانە” سەربە شاری قوروە، لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێران، لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار و لە شاری تاران، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای ئەوەی کە بنەماڵەی محەممەد سەنگوانەیی چەند جارێک هەوڵی دانانی بارمتەی گرانبەهایان بۆ ئازادکردنی کوڕەکەیان داوە، بەڵام ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێران ڕەتیان کردووەتەوە و داواکارییەکەیان قەبووڵ نەکردووە.
شایانی باسە، کە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچی زانیارییەکی پێوەندیدار لەسەر هۆکار و چۆنیەتیی دەسبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان، شوێنی ڕاگیران و دۆخی تەندروستییان لە بەردەستدا نییە.





