چاونیوز: هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ڕۆژانی پاش خۆپیشاندانەکانی، دەستیان داوەیە ڕەشبگیریی هاووڵاتییان و کەشێکی ئەمنییەتییان لە شارەکانی کوردستان پێک هێناوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، محەممەدحەسەن داودی، مامۆستای خانەنشینکراو و چالاکی سیاسی، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢ی ڕێبەندان، لە شاری میاندواو و لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی، ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم مامۆستا کوردە، بەهۆی کۆمەڵێک تۆمەتی ناڕوون و ئالۆزی وەک تۆمەتی سیاسی و ئەندامبوون له ڕێکخراوی “نێهزەتی ئازادی” و “پڕوپاگەندە دژی ڕێژیمی ئێران”، به کۆی گشتی ٣ ساڵ و ٤ مانگ سزای بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
شایانی باسە، کە لە ساڵانی ڕابردوودا مامۆستایان لە ئێران و کوردستاندا، لە وڵامی داخوازیی ڕێکخراو و دامەزراوە مەدەنی و سینفیەکان و هەروەها ناڕەزایەتیی مامۆستایان بەرانبەر بە بارودۆخی سیاسیی داخراو، بارودۆخی بژێویی ژیان، کەمیی مووچە، نەبوونی ئاسایشی کاری و ناتەواویی بارودۆخی پەروەردەیی و … ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوانی هەڕەشە و گرتن و سەرکوتکردنی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بوونەتەوە.
بەردەوامیی ئەم بارودۆخە، جگە لە پێشێلکردنی مافە سەرەتایی و سەرەکییەکانی مامۆستایان، کاریگەریی نەرێنی قووڵی لەسەر چۆنیەتیی خوێندن و باری دەروونیی مامۆستایان و هەروەها داهاتووی سیستەمی پەروەردە هەبووە، ئەمەش نیشاندەری دۆخی میلیتاریزەکردنی کوردستان و سەرکوتکردنی داواخوازییە سینفی و مەدەنییەکانە.





