چاونیوز: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کە کۆماری ئیسلامی ئینترنتی لە سەر خەڵکی ئێران داخستبوو، هێزەکانی ئیتلاعات بەکەڵکاژۆگرتن لەم دەرفەتە خەڵکی زۆریان لە شارەکانی کوردستان دەسبەسەر کردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە کاتی نەبوونی ئینترنتدا، هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی، لە شاری شنۆ، “ئیلهام ئومێدیان”، خەڵکی شنۆ، دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان، پاش گەڕانەوە بەمەبەستی سەردانی بنەماڵەکەی، دەسبەسەر کردووە.
ئەم کچە کوردە کە بەر لە ڕۆیشتنی بۆ هەندەران، ئەندامی ڕێکخراوەی ژینکۆ و گرووپی شاخەوانی پێشڕەو بوو، لە ئێستەدا لەژێر گوشار و زەختی هێزەکانی ئیتلاعاتدایە و بۆ بڕیاری حوکمی دادگا چەند جارێک لە بەردەم دادگای شنۆدا بینراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، چەندین هاووڵاتیی دیکە لە شاری شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە گیراون و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراوان، کە ناسنامەی هێندێکیان کە بۆ چاونیوز ئاشکرا کراون، بریتین لە: وەستا حەسەن لە بنەماڵەی پینەچی، کە لە سەر شەقام دەسبەسەر کراوە، بەهمەن ڕەسووڵیان، ئەندازیار موحسێن سوڵتانی، هەژار باریکی، ٢٢ ساڵە، دارا کوڕی ئیبراهیم (نازناو نادیار)، سەلمان بەسیرەت و کچێک کە ناوی باوکی محەممەد سلێمانییە و لە کاتی لێپێچینەوە لە ئیتلاعاتی ورمێ لاقیان شکاندووە.
ئەو سەرچاوە باوەڕپێکراوەی کە ئەم هەواڵەی بۆ چاونیوز ناردووە، باس لەوە دەکات کە هەڕەشە لە زۆر کەس کراوە و ئەگەری زۆرە کەسانی دیکەش دەسبەسەر و بێسەروشوێن کرابێتن، کە دواتر ناوەکانیان ئاشکرا بکرێن.
شایانی باسە، لەم هەواڵە تەنیا وێنەی ئیلهام ئومێدی و ئەندازیار موحسێن سوڵتانی بۆ چاونیوز نێردراون و ناسنامە و وێنەی کەسانی دیکە کە لەم هەواڵە باس کران، ناتەواون.





