چاونیوز: لە درێژەی دەسبەسەرکردنی لاوان و مێرمنداڵانی کورد، لە رەوتی خۆپیشاندانەکاندا، دوو برای خەڵکی ئیلام لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، محەممەد ڕەحمانی و ئارمین ڕەحمانی، دوو برای خەڵکی شاری سیروان، سەربە پارێزگای ئیلام، لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی، بە هەڵکوتانەسەر ماڵی باوکی ئەم دوو هاووڵاتییە، بە پشتبەستن بە زۆر و هەڕەشە ئەو دوو لاوەیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
شایانی باسە، هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە چارەنووس، شوێنی ڕاگرتنی و هۆکاری دەسبەسەرکردنیان لە بەردەستدا نییە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەیان، هیچ زانیارییەکیان پێ نەدراوە.





