چاونیوز: دەسبەسەرکردنی نایاساییی لاوانی کورد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، هەروا بەردەوامە.
بەپێی هەواڵی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، دوو لاوی کورد، بە ناوەکانی “محەمەد پیری”، تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی شاری دێهلوڕان و “محەممەدجەواد زەینیوەند”، تەمەن ١٤ ساڵ، خەڵکی شاری دەڕەشار سەربە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، دوو للاوی دیکە بە ناوەکانی “ئەمیرعەلی لوتفی”، تەمەن ١٥ ساڵ، خەڵکی دەڕەشار و “عەلیڕەزا نەزەری”، تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی ئاسماناو، سەربە پارێزگای ئیلام لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، ئەمیرعەلی لوتفی بۆ کانوونی ئیسلاح و تەربییەت و عەلیرەزا نەزەریش بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
جێگەی ئاماژەیە، ئەو چەند لاوە بەبێ حوکمی قەزایی دەسبەسەر کراون و هەتا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و دۆخی ئەمنیتی و تەندروستییان لە بەردەستدا نییە.





