چاونیوز: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ هیچ حوکمێکی قەزایی و بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووە، نزیکەی ٢٠ ڕۆژ پێش، هاووڵاتییەک بە ناوی “سیاوەش عەزیزی موقەدەم”، خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ هیچ حوکمێکی قەزایی و سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
شایەتحاڵان و نزیکانی ناوبراو ڕایانگەیاندووە، کە ئەم هاووڵاتییە هیچ چەشنە چالاکییەکی سیاسی و مەدەنیی نەبووە و لەگەڵ هیچ کام لە ڕەوت و حیزبە سیاسییەکانی کوردستاندا پەیوەندیی نەبووە؛ بۆیە دەسبەسەرکردنی ئەم کەسە بە بێبنەما و سەرەڕۆیانە دەزانن.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی جەستەیی و دەروونیی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.





