چاونیوز: لە درێژەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی لاوان و مێرمنداڵانی کوردستاندا، لاوێکی خەڵکی سەقز دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەستمان گەیشتووە، سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی “پژمان ئەمانی” تەمەن ١٨ ساڵ، کوڕی ئیبراهیم و خەڵکی سەقز، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو هێشتا نادیارە و لە دۆخێکی ناڕووندایە.
ڕۆژی چوارشەممە، ١ی ڕەزبەری ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەکانی سەقز بە هەڵکوتانە سەر ماڵی بنەماڵەی ئەم لاوە، دەسبەسەریان کردووە. زانیارییەکان دەری دەخەن کە هێزەکان بەبێ هەبوونی حوکمی دادگا چوونەتە نێو ماڵەکەوە و بە زۆر بردوویانە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە، لەو کاتەوەی دەسبەسەر کراوە، پەژمان ئامانی لە مافی پەیوەندیگرتن بە بنەماڵەکەی، چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.
جگە لە دەسبەسەرکردنی ئەم کەسە، ڕاپۆرتەکان باس لە پێشێلکردنی حورمەتی ماڵ و دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی کەلوپەلی ئەندامانی بنەماڵەکەیشی دەکەن. هێزە ئەمنییەکان لە کاتی پەلاماریان بۆ سەر ئەم بنەماڵەیە، مۆبایلی پژمان ئەمانی و هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی، لەوانە باوک، دایک و براکەی بەبێ مۆڵەتی یاسایی بردووە. بەپێی دوایین زانیارییەکان، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ئەو کەرەستانە ڕادەستی خاوەنەکانیان نەکراونەتەوە.
نادڵنیایی و ناڕوونیی لەسەر تۆمەتەکان و دۆخی دەسبەسەرکراوان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە، هەمیشە نیگەرانییەکان سەبارەت بە تەندروستی و سەلامەتیی ئەوان زیاتر دەکات.





