چاونیوز: خۆشک و برایەک لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هاوکات و بەشێوەی زۆرەملێ دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، کژاڵ ڕەحمانی و دانیال ڕەحمانی، خەڵکی شاری کامیاران، ڕۆژی شەممە، ١٦ی جۆزەردان، لە ماڵەکەی خۆیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە زۆرەملێ و بەبێ هیچ حوکمێکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
دەسبەسەرکردنی ئەم برا و خۆشکە لە حاڵێکدایە کە پێشتر چەندین جار کژاڵ ڕەحمانی بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراوە و لە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی، بە هۆی گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان لە سەر کارەکەی کە لە نەخۆشخانەی سینای کامیاران وەکوو پەرەستار کاری دەکرد، دەرکراوە.
دانیال ڕەحمانیش کە خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی کامپیوتر لە زانکۆی ئازادی سنەیە، لە ساڵانی ڕابردوو چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراوە. شایانی باسە کە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و باری تەندروستیی ئەم هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.





