چاونیوز: پاش دوایین ناڕەزایەتییەکان، دەسبەسەرکردنی بەندکراوانی سیاسیی پێشوو، بە شێوەیەکی بەرچاو دەستی پێ کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕێبەندان، خەبات دێهدار، چالاکی کرێکاری و زیندانیی سیاسیی پێشوو، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، بەبێ حوكمی قەزایی ئەو چالاكوانەیان لە شوێنی كارەكەی دەسبەسەر كردووە و دواتریش پەلاماری ماڵی باوکیان داوە و دەستیان بە پشکنین کردووە.
شایانی باسە، خەبات دێهدار، پێشتر لە ساڵی ١٤٠٢دا، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە، بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام”، بە ١٢ مانگ زیندانیی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرابوو.
هەتا ئێستە، لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ئەم چالاکە کرێکارییە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.





