چاونیوز: لە ماوەی ڕۆژان و هەفتەکانی ڕابردوو، دەسبەسەرکردنی زۆرەملێیانەی لاوانی کورد ڕووی لە زیادبوون کردووە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوکان، هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، ١٣ ڕۆژ پێش، لە شاری سەراوڵەی ئیلام، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی “ئارشیا قەیسربەیگی” و بەبێ هیچ حوکمێکی قەزایی ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە و ئەگەرچی هەتا ئێستە هیچ هەواڵێکیان لەسەر دۆخی ناوبراو بە بنەماڵەکەی نەداوە، بەڵام ئەم لاوە کوردەیان لەژێر ئەشکەنجە و بە زۆرەملێ بە تۆمەتی “دژایەتی لەگەڵ خودا” و “ئەفساد فیالارض” تاوانبار کردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی پینجشەممە، ٢٤ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی دیکەی کوردستان، بەناوی عەباس مامووسی، خەڵکی شاری دێهلۆڕان سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراوە.
شایانی باسە، ئەم هاووڵاتییانە لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەشن و هەتا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و باری تەندروستییان لە بەردەستدا نییە.





