چاونیوز: لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکان لە شارەکانی کوردستان، دوو هاووڵاتیی کورد، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی شەممە، ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی “مەیسەم چابوک” و “کامیار ڕەشیدی” خەڵکی شاباد، سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، دەسبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە بەبێ حوکمی قەزایی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە ئەنجام دراوە.
شایانی باسە، هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە کراون لە بەردەستدا نییە.





