چاونیوز: کاسب و بازاڕییانی کورد بە بۆنەی مانگرتنی ٢٥ی خەرمانانەوە، کەوتوونەتە ژێر گوشاری ئەمنییەتیی ناوەندەکانی ئیتلاعات و ئەماکنەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، لە یەک دوو ڕۆژی ڕابردوودا، پاش ڕاگەیاندنی مانگرتنی ٢٥ی خەرمانان، لەلایەن هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانەوە، گوشارێکی ئەمنییەتیی زۆر کەوتووەتە سەر دووکانداران و بازاڕیانی کوردستانەوە.
لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی خەرمانان، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سنە، بە ناوەکانی “جەلال خودامورادی” ٤٦ ساڵە و “موحسێن حوسێنپەناهی” ٣٧ ساڵە، پاش بانگهێشتکردنیان بۆ ئیدارەی ئەماکنی سنە، لەلایەن هێزەکانی سەربە ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون و بەرەو شوێنێکی نادیار ڕاگوازراون.
دەسبەسەرکردنی پێشوەختەی ئەم هاووڵاتییانە و گوشار بۆ سەر دووکاندارانی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، هەوڵێکە بۆ ئەوەی مانگرتنی ٢٥ی خەرمانان کە لەلایەن ناوەندی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە، سەرکەوتوو نەبێت و خەڵکی کوردستان وەکوو جاران بەدەم ئەم بانگەوازەوە نەڕۆن.





