چاونیوز: دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شاری قوروە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە دەسبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی هەینی، ٢٤ی ڕێبەندان، دوو برا بە ناوەکانی مەجید و عەلی باقری، خەڵکی شاری قوروە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترەوانەتەوە و هەتا ئێستە بێسەروشوێنن.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەی چاونیوز، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەبێ حوکمی قەزایی، هێرشیان کردووەتەوە سەر ماڵی مەجید باقری لە گەڕەکی “بووعەلیی باشوور”ی شاری قوروە و سەرەڕای ئەوەی دەستیان بەسەر ئۆتۆمۆبیل و هەندێک کەرەستە و کەلوپەلی تاکەکەسیی بنەماڵەییی ئەو بنەماڵەیەدا گرتووە، لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
شایانی باسە، کە هەر لەو کاتەشدا هاوژینی ئەو هاووڵاتییە نەخۆش کەوتووە و بە مەبەستی چارەسەری، بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە گواستراوەتەوە و پاش تێپەڕاندنی ڕەوتی دەرمانیی چەند کاتژمێرێک، گەڕاوەتەوە بۆ ماڵ.
هاوکات هەمان شەو، هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، بەبێ حوکمی قەزایی، هێرشیان کردووەتە سەر لقی “سەراو”ی کافەی “کوردستان” و بەپێی زانیارییەکان وێڕای ئەوەی کافەکەیان شێواندووە و کەشێکی تەواو میلیتاریزە و ئەمنییەتییان خولقاندووە، هەموو کەسەکانیان لەو کافەیە وەدەر ناوە.
هێزە ئەمنییەتییەکان لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیەکی چڕوپڕیان لە کرێکاران و فەرمانبەرانی کافەکە کردووە و دواتریش عەلی باقری، برای “مەجید باقریـ”ـیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوە ئەم هەواڵە، لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان، شوێنی ڕاگیران، دۆخی یاسایی و بارودۆخی تەندروستییان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.





