ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤ جەهانگیر ڕۆستەمی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفی فەرهەنگیانی شاری هەرسینی سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و بۆ زیندانی ئەڤین ڕاگوازرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پڵش ئەوەی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی جەهانگیر ڕۆستەمی تەمەن ٦٣ ساڵ و وێڕای توندوتیژی دەسبەسەریان کرد.
بنەماڵەی جەهانگیر ڕۆستەمی، پاش چوون بۆ دادستانی کرماشان، لە گواستنەوەی ناوبراو بۆ زیندانی ئێڤین ئاگادار کراونەوە.
جەهانگیر ڕۆستەمی باوکی ئیحسان ڕۆستەمی، چالاکی فەرهەنگی خەڵکی هەرسینە کە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لە تاران دەسبەسەر و لەو کاتەوە لە مافی بینینی بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
ئیحسان ڕۆستەمی لە ١٠ی ڕەزبەرەوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ناڕوونیی دۆسیەکەی و ئەو گوشارانەی کە لەلایەن لێکۆڵەرانەوە لەسەریەتی مانی لە خواردن گرتووە.
جێی ئاماژەیه کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی جەهانگیر ڕۆستەمی و ئەو تۆمەتانەی دروانە پاڵی لە بەر دەستدا نییە.





