ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردان، هاونیشتمانییەکی ٤٣ ساڵە بە ناوی “ئەمین سەعدووئی”، خەڵکی گوندی “تارمیش” سەر بە ناوچەی کۆتۆلی شاری خۆی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ و دڕندانە لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەم شارە دەسبەسەر کرا.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی گوت: هێزە ئەمنییەکان بەبێ حوکمی دادوەر، کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم هاونیشتمانییە، بەتوندی لێیان داوە و ئەشکەنجەیان کردووە و جنێویان پێ داوە. ئەو توندوتیژییە هێندە توند بووە کە بووەتە هۆی ترس و نیگەرانیی خەڵکەکە.
تا ئێستا هیچ جۆرە زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیران و هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەمین لەبەر دەستدا نییە و ناوەندە ئەمنییەکانیش لە وڵامدانەوە بە بنەماڵەی ناوبراو، خۆ دەبوێرن.