چاونیوز: ئەگەرچی بەر لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە، گەنجانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر دەکران، بەڵام شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکان دوای ناڕەزایەتییەکان، ڕەوتێکی ڕوولەزیادبوونی بەخۆوە گرتووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ناوەندی مافی مرۆڤ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، “سینا کیانی”، تەمەن ٢١ ساڵ، خەڵکی کرماشان، پەیڕەوی ئایینی یارسان و دانیشتووی تاران، دوای تێپەڕبوونی ١٧ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، هێشتا لە دۆخێکی بێخەبەریدایە.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان، سینا کیانی، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، بەبێ حوکمی دادگا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
بنەماڵەکەی ڕایانگەیاندووە، کە تەنیا لە ڕێگەی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانە زۆرەملێکان لە کەناڵە حکوومەتییەکانی پلاتفۆرمی (ڕوبیکا)ـەوە لە دۆخی ڕۆڵەکەیان ئاگادار بوونەتەوە و بەتەواوی نیگەرانی تەندروستیی جەستەیی و دەروونی و ڕەوتی دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و ئەگەری دەرچوونی سزای قورس دژی ڕۆڵەکەیانن.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی شەممە، ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، “فائیزە ڕەشیدی”، خەڵکی شاری بەدرە، سەر بە پارێزگای ئیلامیش دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەم هاووڵاتییە بەدوای بانگەوازی کادری دەرمانی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئیلام بۆ بەخشینی خوێن، بە مەبەستی یارمەتیدانی بریندارەکان لە شاری بەدرەوە بەرەو ئیلام بەڕێ کەوتبوو، کە لە نزیک یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئیلام، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار و دواتر دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوەتەوە.
جێی ئاماژەیە، لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر دۆخی جەستەیی و شوێنی ڕاگرتنی فائیزە ڕەشیدی لە بەردەستدا نییە.





