بە تێپەڕینی زیاتر لە ٣ هەفتە لە دەسبەسەرکرانی “ئەمین کەریمی”، هونەرمەند و ئەکتەری شانۆی خەڵکی ورمێ، هێشتا چارەنووسی نادیارە.
ئەم هونەرمەندە کە بە ناوی هونەریی “ئەمینۆ” ناسراوە، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤، لە کاتی گەڕانەوە لە تورکیا و لە خاڵی سنووریی “سێرۆ”ی ورمێ، لەلایەن ئیتلاعاتی سیاسییەوە دەسبەسەر و لەو کاتەوە تا ئێستا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لەژێر لێپرسینەوەدایە.
سەرچاوەکانی چاونیوز پشتڕاستیان کردەوە کە، ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنی زانیاری لە شوێنی ڕاگیران، دۆخ و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەمین، بێ ئاکام ماوەتەوە.
ئەمین کەریمی لە چالاکانی ناسراوی شانۆ و فیلمی ورمێیە، پێشتریش لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا دەسبەسەر و دوای مانگێک ئازاد کرابوو.





