چاونیوز: لە درێژەی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی گەنجانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، چوار گەنجی دیکە لە تیکاب دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووە، چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی “ئارمان ئاردەم”، ٢٢ ساڵە و کوڕی ئیبراهیم، “ئەشکان ئاردەم”، ٢٤ ساڵە و کوڕی محەممەد (ئامۆزا)، “ئەرشەد ئاردەم” ٣٤ ساڵە، خەڵکی گوندی قزقاپان و “ڕامین یوسفی”، ٢٥ ساڵە، خەڵکی گوندی حەسەنئاوا سەر بە شاری تیکاب، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چوار گەنجە کوردە کە لە ساردخانەیەک لە شاری شیرازدا کاریان دەکرد، ئێوارەی ٢٤ی بەفرانبار، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کارەکەیان و دەسبەسەریان کردوون.
جێی ئاماژەیە، کە ئەرشەد ئاردەم و ڕامین یوسفی ئازاد کراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئارمان و ئەشکان ئاردەم لە بەردەستدا نییە.





