چاونیوز: لە ڕەوتی دوایین خۆپیشانداکانی ئێران و کوردستان و هەتا هەنووکەش، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرین، دەسبەسەرکردنی بەلێشاوی هاووڵاتییانی کوردستانیان دەست پێ کردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، “سەردار شامحەممەدی”، تەمەن ١٧ ساڵ و “محەممەد شامحەممەدی”، تەمەن ١٨ ساڵ و باوکیان “ڕەحیم شامحەممەدی”، خەڵکی بۆکان، چەند ڕۆژێکە لە لایەن هێزەكانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر كراون و چارەنووسیان نادیارە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ئێوارەی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانبار، “ئەحمەدڕەزا قەمەری”، “سامان محەممەدزادە” و “عەلی وەلیزادە”، سێ هاووڵاتی دیکەی خەڵکی بیجاڕ، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، بەبێ هیچ حوکمێکی قەزایی دەسبەسەر کراون.
بەپێی وتەی شایەتحاڵان، ئەم سێ هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکردنیان، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازراونەتەوە و بنەماڵەکانیان سەرەڕای بەدواداچوونی زۆر، هەتا ئێستە و پاش ١٨ ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکردنیان هیچ زانیارییەکیان بەدەست نەهێناوە.
شایانی باسە، هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر تۆمەت و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.





