دانیاڵ دارابخانی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کوردی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی لاهیجان، نزیکەی دوو حەوتوو لەمەوبەر لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و ئێستاکە وەک دەسبەسەرکراوی کاتی لە بەندیخانەی لاهیجان ڕاگیراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە چاونیوز، دانیال دارابخانی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کوردی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی لاهیجان، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەسبەسەرکرا و پاش لێپێچینەوە لە گرتنگە، بۆ بەندیخانەی لاهیجان ڕاگوێزراوە.
ناوبراو بە تۆمەتی “بانگەشە دژی نیزام” دەسبەسەر کراوە و لە ئێستادا چارەنووسی ناڕوونە.
دانیاڵ دارابخانی پێشتر لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ دەسبەسەر کرابوو و لە ڕەشەممەی هەمان ساڵدا لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان دەسبەسەر کرا و پاش ٢٨ ڕۆژ لێپێچینەوە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان “دێزلئاوا” گوازرایەوە.
لقی یەکی دادگای ئینقلابی کرماشان بە سەرۆکایەتی” شاهرۆخ مورادی”، ناوبراوی بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانی” بە ساڵێک بەندکرانی تەعزیری حوکم دا. دارابخانی لە دوای تێپەڕاندنی دە مانگ لە حوکمەکەی، لە زیندان ئازاد کرا.





