چاونیوز: چالاکوانێکی کرێکاری و ژینگەپارێز، سزای بەندکردن و سزای نەختی بەسەردا سەپێنرا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو بوونەتەوە، “خەبات دەهداری”، چالاکوانی کرێکاری و ژینگەپارێز، کە پێشینەی دەسبەسەرکردن، سزادان و بانگهێشتکردنی زۆری هەیە، لە لایەن دادگای ئینقلابی سنەوە بە ساڵێک زیندان و ٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی سزا دراوە. هەروەها ناوبراو دەبێت هەر سێ مانگ جارێک خۆی بە ناوەندە ئەمنییەکان بناسێنێت.
ئەم سزایە لە پەیوەندی لەگەڵ دوایین دەسبەسەرکردنی ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ دەرکراوە، کە تێیدا بێ بوونی هیچ حوکمی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، دوای ٣٢ ڕۆژ دەسبەسەری بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.





