چاونیوز: حوکمی داسەپاوی سێدارەی وریشە مورادی کە پێشتر هەڵوەشابووەوە، سەرلەنوێ بە پارێزەرەکەی ڕاگەیندرا.
حوکمی سێدارەی وریشە مورادی کە پێشتر لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٣ درابوو و لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٤دا لەلایەن لقی ٩ی دیوانی بەرزی وڵات بە هۆی کەموکورتیی دۆسییەکەی هەڵوەشابووەوە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٥ دیسان لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران، بە سەرۆکایەتیی “ئەبولقاسم سەڵواتی” بە تاوانی “ئەندامەتی لە گرووپی دژەخودا” حوکمەکەی زیندوو بووەتەوە و بە پارێزەرەکەی ڕاگەیندراوە و لە حوکمەکەدا هاتووە کە هەتا ٢٠ ڕۆژ دەکرێت تانەی لەسەر بدرێت و بۆ دادگای پێداچوونەوە ڕەوانە بکرێت.
وریشە مورادی ناسراو بە “جوانە سنە” لە ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لە نزیکیی شاری سنە دەسبەسەر کرا و پاش چەندین مانگ لێپێچینەوە و لێپرسینەوە لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئەڤین بۆ بەندی ژنان گوازرایەوە.
ئەمیر سەجادی و کەیوان عەزیزی، دوو پارێزەری وریشە مورادی، لەم بارەوە ڕایانگەیاندووە کە ئەم حوکمە بەبێ لێکۆڵینەوەی پێویست لە دیوانی بەرزی وڵات و تەنیا بە گۆڕینی ناونیشانی تۆمەتەکە دراوە و لە باری یاسایییەوە هیچ ڕەوایییەکی نییە.





