چاونیوز: سێ هاووڵاتیی کورد لە سێ شاری جیاوازدا، حوکمی بەندکرانی جیاوازیان بۆ دەرچوو.
بەپێی هەواڵ و زانیارییەکانی بەردەست، لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی “نوورەدین چەلەنگەر”، خەڵکی چەرداوڵ، سەربە پارێزگای ئیلام، کە پێشتر لە پێوەندیی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای ٢ی کەیفەریی چەرداوڵ، بە سەرۆکایەتیی “محەممەد سەرباز جەمشید” بە تۆمەتی “بێڕێزی بە پیرۆزییەکان” بە ساڵێک و “هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات” بە سێ مانگ بەندکرانی تەعزیزی و ٣٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کرا.
هەر لەم پێوەندییەدا، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی “کەیوان ڕەسووڵیئازەر” خەڵکی شنۆ، کە لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٤ دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە ساڵێک بەندکرانی تەعزیری مەحکووم کرا و ڕۆژی دووشەممە ٢ی خەزەڵوەر بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.
هەروەها لە شاری ورمێ، هاووڵاتییەک بە ناوی “ئەفشین عەزیزی”، خەڵکی شارۆچکەی دزەج، سەربە ورمێ، کە لە ساڵی ١٤٠٤ زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعات بووە و بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە، بە تاوانی “ئەندامەتیی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان” ٣ ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە سەردا سەپاوە، لە ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی ڕەزبەر، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی شاری ورمێ کراوە.





