چاونیوز: هونەرمەند و وەرزشکارێکی کورد، لەلایەن دەزگای قەزاییی کۆماری ئیسلامییەوە حوکمی بەندکرانی بۆ دەرچوو.
ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەرمانان، “مەهدی پاکمێهر”، هونەرمەند، گۆرانیبێژ و چالاکی کولتووریی کورد لە پارێزگای خۆراسانی باکوور، بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکردنەکەی، دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری بجنۆرد گواسترایەوە.
ناوبراو کە لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوودا دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی بجنۆردەوە بە تۆمەتی “بانگەشە بەدژی نیزام” و “کۆبوونەوە و دانیشتنی نهێنی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش”، سەرەتا بە ٤ ساڵ بەندکردن تەعزیری و ١ ساڵ بەندکردنی هەڵپێسردراو حوکم درابوو، بەڵام دوای ناڕەزایەتیدەربڕین، سزاکەی بۆ ٥ ساڵ بەندکردن قورستر کرایەوە. هاوکات لقی دووەمی دادگای تاوانەکانی بجنۆرد، بە سەرۆکایەتیی قازی “مورادی”، بە تۆمەتی “تێکدانی نەزمی گشتی” سزای ١ ساڵ و ٣ مانگ بەندکردن و ٧٤ قامچی بەسەر ناوبراودا سەپاندووە.
پێشینەی ئەم هونەرمەندە بۆ ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤دەگەڕێتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی چەکدارانە هەڵیانکوتایە سەر کافە تایبەتەکەی لە شاری بجنۆرد. لەو هێرشەدا، مەهدی پاکمێهر بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکی ساچمەییی هێزە چەکدارەکانەوە بریندار بوو. ناوبراو بۆ ماوەی دوو مانگ لە گرتنگە ئەمنییەکان و کەرەنتینەی بەندیخانە، بەرەوڕووی ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و ڕۆحی بووەوە و لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بێبەش کرا، پاشان بە دانانی بارمتەی ٦ ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
مەهدی پاکمێهر لە چالاکانی ناسراوی کلتووری و هونەرمەندانی جەماوەریی ناوچەکەیە کە پێشتریش لە ڕاپەڕینی “ژینا” لە ساڵی ١٤٠١دا دەسبەسەر و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. هەروەها ناوبراو بۆ یەکەمجار لە جۆزەردانی ١٣٩٧ بەهۆی بڵاوکردنەوەی گۆرانیی “بژی کوردستان” و ئاماژە بە ناوی کوردستان، پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.
شایانی باسە، دەسبەسەرکردنی ئەم هونەرمەندە بەشێکە لە زنجیرە گوشارەکانی دەزگا ئەمنییەکان بۆ سەر کەسایەتییە کلتووری و هونەرییە کوردەکان لە خۆراسان، کە بەردەوام بەهۆی چالاکییە نەتەوەیی و هونەرییەکانیانەوە بەرەوڕووی لێپرسینەوە و سزای قورس دەبنەوە.





