چاونیوز: درێژەی شەپۆلی توندوتیژییەکان و دیاردەی کوشتنی ژنان لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، تەنیا لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، سێ ژن لە پارێزگاکانی کرماشان و لوڕستان بە دەستی کەسوکار و هاوسەرەکانیان ژیانیان لێ ئەستێندراوەتەوە.
بەپێی زانیاری و هەواڵەکانی بەردەست، ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەر، ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵ بە ناوی “زەهرا سلێمانی”، خەڵکی شاری هەرسین، سەربە کرماشان، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بە بیانووی “پاراستنی نامووس”. خنکێندراوە.
باس لەوە دەکرێت کە ناوبراو پێش کوژرانی، ڕووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی توند بووەتەوە و لاقەکانی شکێنراون، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ قووڵایی ئەو جینایەتەی کە لەم جۆرە کوشتنانەدا بەکار دەهێنرێت.
لەلایەکی دیکەوە، دۆسیەی کوژرانی “فاتمە (لەیلا) عەزیزی”، تەمەن ٤٢ سا، خەڵکی قەسرشیرین و دانیشتووی شاری کرماشان، ڕەهەندێکی دیکەی بێسەرەوبەرەیی دەزگاکانی دادوەری ئاشکرا کرد.
ناوبراو کە پێشتر لەبەرامبەر تاوانی “قوڵبڕی و فێڵکردن” سکاڵای لەسەر ژن و مێردێک بە ناوەکانی “مریەم سادقی” و “عەلیڕەزا جانجانی” تۆمار کردبوو، لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەیدا بە شێوەیەکی گوماناوی بێسەروشوێن بوو. پاش گەڕان و بەدواداچوون، تەرمێکی بە سووتاوی دۆزرایەوە کە دوای ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەی (DNA)، دەرکەوت ئەو تەرمە هی فاتمە عەزیزییە.
هەروەها، لە ڕووداوێکی دیکەدا، کە ڕۆژی ٧ی خەزەڵوەر ڕووی دا، ژنێکی ٢٩ ساڵ بە ناوی “فاتمە نەزەری”، خەڵکی شاری خوڕەماوا، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە ناوی “ئارمین ڕۆشنقەیاس” کوژرا.
ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدان کە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی یاساکانی سەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و پەرەپێدانی کەلتووری دەستەپاچەیی و بێبەرپرسیاریەتی بەرانبەر بە مافی ژنان، ڕۆژانە شایەتی دڵتەزینترین ڕووداوی کوشتن و توندوتیژییە. چالاکانی بواری مافی ژنان پێیان وایە کە بێدەنگی و ڕەواییدان بە بیانووەکانی “کوشتنی بە بیانووی نامووس” لە یاساکانی ئێراندا، هۆکاری سەرەکیی پەرەسەندنی ئەم دیاردە مەترسیدارەیە.





