چاونیوز: دوای نزیکەی دوو ساڵ لە بێسەروشوێنبوونی هاووڵاتییەکی کوردستان، لە یەکێک لە گرتنگەکانی سپای پاسداران لە کرماشان بینراوەتەوە.
بەپێی هەواڵێک کە بە چاونیوز گەیشتووە، “ئومید چراغی”، شوێنکەوتووی ئایینی یارسان، خەڵکی سەرپڵزەهاو و ئەندامی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوای نزیکەی یەک ساڵ و ٩ مانگ لە بێهەواڵی تەواو، لە کۆتاییدا لە یەکێک لە گرتنگەکەکانی سەربە سپای پاسداران لە کرماشان بینراوەتەوە.
بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی ڕەشەممە و گواستنەوەی بەلێشاوی دەسبەسەرکراوان بۆ گرتنگەکانی سپای پاسداران لە کرماشان، ژمارەیەک لە زیندانییان، کەسێکیان بە ناوی ئومید چراغی ناسیوەتەوە، کە لە یەکێک لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەم گرتنگەیە ڕاگیراوە.
دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە “ئومید چراغی” لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٣ لەلایەن هێزەکانی ئتلاعاتی سپای پاسداران لە سەرپێڵی زەهاو دەسبەسەر کراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا، بەبێ هیچ جۆرە ئاگادارکردنەوەی فەرمی، لە گرتنگەکان ڕاگیراوە.
لەم ماوەیەدا، بنەماڵە و نزیکانەکانی ئومید چراغی، هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنی ڕاگرتن و دۆخی یاسایی ئەو نەبووە.
ئەم دۆسیەیە نموونەیەکی ئاشکرای بێسەروشوێنکردن و بوونی بەندییە شاراوەکانە لە دامەزراوە ئەمنییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران.





