چاونیوز: مامۆستایەکی قوروەیی کە نزیکەی ١٠ ڕۆژە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپادایە، دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕەشید حیسامی، مامۆستای خەڵکی شاری قوروە سەربە پارێزگای سنە، کە لە ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی خەرمانانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە، بەهۆی ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و گوشاری دەروونی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەو شارە، دۆخی تەندروستیی تێکچووە و ئێستا لە بارودۆخێکی ناجێگیردایە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، ئەو مامۆستایە دوای ئەوەی لە ژێر ئەشکەنجەدا بێهۆش بووە، بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی، ڕەوانەی بەشی ئەمنییەتیی نەخۆشخانەی سنە کراوە. سەرەڕای هەوڵە پزیشکییەکان، ناوبراو هێشتا لە بێهۆشیدایە و بارودۆخی جەستەیی لە مەترسییەکی جیددیدایە.
سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی حیسامی ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان ڕێگری لە هەر چەشنە پێوەندییەکی بنەماڵەکەی لەگەڵ ناوبراو دەکەن و تەنانەت ڕێگەیان نەداوە هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستیی ئەو مامۆستایە ئاشکرا بکرێت.
جێگای ئاماژەیە، دەسبەسەرکردنی ڕەشید حیسامی لە چوارچێوەی شەپۆلی نوێی گوشارەکانی سەر مامۆستایان و چالاکانی مەدەنی لە کوردستان ڕووی داوە، کە بەبێ ڕەچاوکردنی مافە مرۆییەکان و بنەما سەرەتاییە یاسایییەکان ئەنجام دەدرێت.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ وردەکارییەک لەسەر تۆمەتەکانی دژی ئەو مامۆستایە ئاشکرا نەکراوە





