لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو هاونیشتمانیی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی “هیوا ئەمینی” و “بەهمەن فەیزی”، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “موجتەبا غەفاری”، بە تۆمەتی “تەبلیغ دژی نیزام”، هەر کام بە ١٠ مانگ بەندکران حوکم دران.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار گوتی: دادگا بۆ ئەم دوو هاونیشتمانییە، پێنج مانگ لە حوکمی دەرکراوی بۆ ماوەی دوو ساڵ کردووە بە هەڵپەسێردراو و پێنج مانگی دیکەشی کردووە بە ١٠ ملیۆن تمەن سزای نەختی.
ئەم سەرچاوەیە زیادیشی کرد: ئەم حوکمە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەم دوو هاونیشتمانییە ڕاگەیەندراوە و هیوا ئەمینی داوای “تەسلیم بە ڕای” کردووە و بەهمەن فەیزی لەمەڕ حوکمی سەرەتایی ناڕەزایەتیی دەربڕیوە.
ئەم دوو لاوە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بەبێ حوکمی دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمە دوای نزیکەی مانگێک، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرابوون.
ناوبراوان لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کرابوون.





