چاونیوز: دوو هاووڵاتیی بۆکانی بە تۆمەتی نایاسایی و بێبنەما لەلایەن دادگای شاری مەهابادەوە، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، “محەمەد فەرەجی” و “ڕەئووف شێخمەعرووفی”، دوو زیندانیی سیاسیی کورد، لە زیندانی بۆکان و لە دەسبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی “ژن ژیان ئازادی”، دوای سێ ساڵ بەندکران و ڕاگرتنیان بە ناڕوونی لەلایەن دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێرانەوە، بە تۆمەتی “دژایەتیی خودا و افساد فیالارض” سزای سێدارەیان بۆ دەرچووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، “ڕەئووف شێخمەعرووفی”، تەمەن ٢٤ ساڵ و “محەمەد فەرەجی” تەمەن ٢٣ ساڵ، کە هەردوو خەڵکی بۆکانن، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی “دژایەتیی خودا” و “افساد فیالارض” سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
دانیشتنی پێڕاگەییشتن بە تۆمەتەکانی ئەم دوو هاووڵاتییە، پایزی ئەمساڵ و بە شێوەی جیا جیا بەڕێوە چووە و سزاکانیان ڕۆژی سێشەممە، ٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، لە زیندانی ناوەندیی بۆکان بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە.
“ڕەئووف شێخ مەعرووفی”، ئێوارەی دووشەممە، ٥ی بەفرانباری ١٤٠١، و “محەممەد فەرەجی”، ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، بە پەنابردن بۆ توندوتیژیی زۆر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە بۆکان دەسبەسەر کران و بۆ گرتنگە گوازرانەوە.
ناوبراوان، ڕۆژی هەینی، ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢، دوای چەند مانگ لێپێچینەوە و ئەشکەنجەدان، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێیەوە بۆ زیندانی بۆکان گوازرانەوە و بەبێ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسیان لەم زیندانەدا ڕاگیراون.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی لێپێچینەوەدا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییان خراوەتە سەر.





