چاونیوز: شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەردەوامە.
بەپێی زانیارییەکانی بەردەست، ڕۆژانی ١١ و ١٥ی ڕەزبەر، دوو هاووڵاتیی بانەیی بە ناوەکانی “شێرزاد چاوشینی”، ٣٥ ساڵە و “خوسرەو کەرەمپووری” ٣٤ ساڵە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی لە ماڵەکەی خۆیان دەسبەسەر کران و بەرەو شوێنێکی نادیار ڕاگوازراون.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی “فەرشاد ڕەزایی” ٣٦ ساڵە، خێزاندار و باوکی کچێک، خەڵکی گوندی “زەفەراوا”، سەربە شاری دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بەرەو گرتنگەیەکی شاری سنە گوازراوەتەوە.
شایانی باسە، شێرزاد چاوشین پێشتر لە سەر سنوور لەلایەن هێزە نیزامییەکان تەقەی لێ کراوە و بریندار بووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و بارودۆخی تەندروستیی ئەم کەسانە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.





