چاونیوز: لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستیان داوەتە دەسبەسەرکردنی لاوانی کوردەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مێهدی سەیادی، ٢٩ ساڵە، خەڵکی گەیڵان، لە ڕۆژی ٢٢ بەفرانبارت ١٤٠٤دا، لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکاندا، لە پاش ناڕەزایەتییەکان، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شوێنی کاری خۆیدا لە گەیڵان دەەسبەسەر کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی بەردەست، ئەم هاووڵاتییە دەسبەجێ دوای دەسبەسەرکردنی بۆ کرماشان گوازراوەتەوە و بە تێپەڕبوونی ١٨ ڕۆژ، هەتا ئێستە هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.
دەسبەسەرکردنی ئەم کەسە، لە حاڵێکدایە کە لە شاری گەیڵان لە ڕۆژەکانی ١٧ و ١٨ بەفرانباری ١٤٠٤دا ناڕەزایەتییەکی بەرین بوو؛ ناڕەزایەتییەک کە لە ئێوارەی ١٨ی بەفرانبار بۆ تێکەڵچوونی خەڵک و هێزەکانی حکوومەتی ئێران گۆڕدرا.
ناڕوونی درێژماوەی چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە، نیگەرانیی جیددی بنەماڵە و خزمەکانی بە دوای خۆیدا هێناوە. ئەم دۆخە دەرخەری ڕوونی بێسەروشوێنکردنی بێبەزەییانەیە و بەرپرسایەتیی گیان و تەندروستی مێهدی سەیادی ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی ناوەندە ئەمنییەتییەکاندایە.
شایانی باسە، سەرچاوە خۆجێیەکان پشتڕاستی دەکەنەوە، شەپۆلی دەسبەسەرکرانەکان لە گەیڵان هەروا درێژەی هەیە و چارەنووسی بەشێک لە دەسبەسەرکراوان نادیارە.





