چاونیوز: دەسبەسەرکردنی بێسەربەری و ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتیانی کوردستان بووەتە نیگەرانییەکی سەرەکی بۆ خەڵکی کوردستان.
دوای تێپەڕینی ١٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی “فاروق نەدیمی” خەڵکی شاری کامێران، هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێن و بارودۆخی ناوبراوەوە نییە؛ پرسێک کە نیگەرانییەکی زۆری بۆ بنەماڵە و کەسوکاری ئەم هاووڵاتییە دروست کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، “فاروق نەدیمی” لە ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ حوکمی قەزایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
لەدوای دەسبەسەرکردنی ئەم کەسە، دامودەزگاکانی حکومەت هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و بارودۆخی نەخستووەتە ڕوو.
هەروەها تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە، ئەمەش دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکانی لەسەر چارەنووسی زیاتر کردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی “ئیبراهیم ڕۆستەمی” خەڵکی کامێران و باوکی دوو کچ، لە ڕێکەوتی ٢٩ بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی شاری سنە ڕاگوێزراوە.
ناوبراو تەنیا لە چوار ڕۆژی یەکەمی دەسبەسەرکردنیدا یەک پەیوەندی کورتی لەگەڵ خێزانەکەیدا هەبووە، کە تێیدا ڕایگەیاندووە لەژێر ئەشکەنجە و گوشارێکی تونددایە و وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر دەسبەسەرکردنی مانی لە خواردن گرتووە.





