چاونیوز: دەسبەسەرکردنی نایاساییی هاووڵاتییانی کوردستان، پاش دوایین ناڕەزایەتییەکان، درێژەی هەیە.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، ڕۆژی شەممە، ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، یاسین فەتحی، ٣٢ ساڵە، دەرمانساز، خەڵکی دێولان سەربە پارێزگای سنە، لە کاتی ڕۆیشتن بۆ سەر کار، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، بەهمەن نادری، ٣٩ ساڵە، خەڵکی کرماشان، زیندانی پێشوو، ڕۆژی ٢٨ی بەفرانبار، لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی جافرئاوادا، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەهمەن نادری، پێشتر لە ساڵیادی ڕاپەڕینی ژینادا، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراوە و لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی کرماشانەوە بە تۆمەتی “بانگەشە بە دژی کۆماری ئیسلامی” بە یەکساڵ زیندانی هەڵپسێردراو و ١٠ میلیۆن تمەن مەحکووم کراوە.
شایانی باسە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستیی ئەم هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.





