چاونیوز: دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە لە شارەکانی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوویان لە زیادبوون کردووە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتوون، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، دوو هاووڵاتیی کوردستان، بە ناوەکانی “ئەدیب ساڵخوردە”، خەڵکی جوانڕۆ و “سەعید قوبادیان”، خەڵکی پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و پاشان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراون.
بەپێی هەواڵە نێردراوەکان، دەسبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە، بەبێ حوکمی قەزایی ڕوویان داوە.
شایانی باسە، هەتا کاتی داڕشتن و بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە و تەنیا وێنەی سەعید قوبادیان بە دەستی چاونیوز گەیشتووە.





