چاونیوز: لە سەرەتای دوایین خۆپیشاندانەکانی ئێران و کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە لاوان و تەنانەت منداڵانی کورد لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە یان گیانیان لەدەست داوە یان دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو بوونەتەوە، ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، هاووڵاتییەک بە ناوی “کارۆ مینبەری”، خەڵکی گوندی “نییەر”، ١٩ ساڵە، نیشتەجێی گوندی “حەسەناوا”ی سنە، بە پەلاماردان بۆ سەر ماڵی باوکی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێرانەوە و بەبێ حوکمی قەزایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
شایانی باسە، کە هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی، لە کاتی دەسبەسەرکردنی کارۆ مینبەری، هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە کە “ئیتر منداڵەکەتان بە چاوی خۆتان نابینن” و ئەمە نیگەرانی زۆری بنەماڵەکەی لەسەر دۆخی تەندروستی و چارەنووسی ناوبراوی لێ کەوتووەتەوە .
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستی ئەم هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.





