چاونیوز: دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان، بە بەراورد لەگەڵ مانگەکانی ڕابردوو، ڕووی لە زیادبوون کردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤، هاووڵاتییەک بە ناوی “بێهزاد قەوامی” خەڵکی سنە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بەردەست، دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی قەزایی ئەنجام دراوە.
هەروەها لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی شەممە، ۱۳ بەفرانباری ۱٤۰٤، “مۆحسێن عەزیزینژاد”، ۳۳ ساڵە، خەڵکی دەڕەشار، سەربە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراوە.
شایانی باسە، دوای تێپەڕبوونی ۲۷ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتیی هەتا ئێستە، لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.




