چاونیوز: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەند هاونیشتمانییەکی کورد، لە شارەکانی کوردستان، لە هەوڵێکی سەرەڕۆییانەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کران.
بەپێی ئەم هەواڵە، ناسنامەی ئەم هاونیشتمانییانە، “بەهمەن ڕەسوولیان”، خەڵکی شنۆ، “سلێمان کەریمی و فایق عەبدوڵڵازادە” خەڵکی بۆکان ڕاگەیندراوە، کە بەهمەن ڕەسوولیان بۆ لێپێچینەوە بەرەو گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزراوە.
شایانی باسە، کە “سلێمان کەریمی” و “فایق عەبدوڵڵازادە”، خەڵکی شاری بۆکان، لە ڕۆژی شەممە، ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستراون.
بەپێی زانیارییەکانی بەردەست، دەسبەسەرکردنی ئەم هاونیشتمانییانە، بەبێ هیچ حوکمێکی یاسایی ئەنجام دراوە.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ئەم هاونیشتمانییانە لە بەردەستدا نییە.





