داخوازیی سەرلەنوێ پیڕاگەیشتنەوەی دۆسییەی پەرهام پەروەری، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە وەرگیرا.
لەم پەیوەندییەدا “مازیار تاتایی”، پارێزەری دۆسیەی پەرهام، لە پەڕەی “ئیکس”ـی خۆیدا، نووسی: “سێیەمین داخوازیی لەسەرڕابڕیاردانەوە بۆ پەرهام پەروەری، لەلایەن لقی پێڕاگەیشتن لە دیوانی باڵای وڵات، وەرگیرا.”
ناوبراو زیادیشی کرد: “بە ڕەتکردنەوەی حوکمی بڕاوە، هیوادارم کە لقیش لەسەر ڕەتکردنەوەی تاوانی موحاریبە، ڕای خۆی دەربکات.”
پێشتر و ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانانی ئەمساڵ، داخوازیی لەسەرڕابڕیاردانەوەی پەرهام پەروەری لەلایەن دیوانی باڵای وڵات بۆ دووەم جار ڕەت کرابووەوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر”عەمووزادە”، بە تۆمەتەکانی “موحاربە” و “هەوڵدان دژی تەناهیی نیشتمانی”، بە ١٠ ساڵ دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی “جاسەک” لە پارێزگای هۆرمۆزگان و ٥ ساڵ بەندی تەعزیری حوکم درا و ئەم حوکمە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢ بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندرا.
موهەندیس پەرهام ٢٣ی بەفرانباری ساڵ ڕابردوو لە بەندیخانەی ئێڤینی تارانەوە گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ئێرانشار و لەم بەندیخانەدا بەپێچەوانەی مادەی جیاکردنەوەی تاوانەکان، لە بەندی بەندکراوانی تۆمەتبار بە مادەی هۆشبەر و کوشتن، ڕاگیرابوو.
ڕێکەوتی ٤ی بەفرانباری ١٤٠١، دوای تێپەڕینی ٤٦ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی پەرهام، ئیزنی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەری دیاریکراو بە ناوبراو درا.
ئەم بەندکراوە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی “فەشافوویە” کرابوو.
ناوبراو لە کاتێکدا کە لە گرتنگەی بەندی ٢٠٩ی وەزارەتی ئیتلاعات لە بەندیخانەی ئێڤین بوو، بەتوندی خرابووە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە، بە شێوەیەک کە هێشتاش ئاسەواری لەسەر جەستە و دەروونی دیارە. هەروەها لە کاتی لێپێچینەوەدا، بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشار و هەڕەشەدا بووە.
پەرهام پەروەری ٢٥ ساڵە و دەرچووی ئەندازیاریی مەکانیکە لە زانکۆی سەنعەتیی ورمێ؛ هەروەها خاوەن مەقامی سێیەمی وڵاتە لە کێبڕکێی مەلە و لە چەندین کێبڕکێی ناوچەیی و خوێندکاریدا خاوەن میداڵیایە.