چاونیوز: ساڵانە لە شارەکانی کوردستان ڕێژەیەکی بەرچاو لە کچان و کوڕان بە هۆی کێشەکانی ژیان و بێهیوایی لە داهاتوو دەست دەدەنە خۆکوژییەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کچێکی لاوی تەمەن ١٧ ساڵە، بە ناوی “هێرۆ دەشتی”، دانیشتووی شەریفاوای شاری تیکاب، شەوی سێشەممە، ٧ی ڕێبەندان، کاتژمێر ١٢ی شەو دەستی بۆ خۆ کوژی بردووە و لە سەربان خۆی خستووەتە خوارەوە و بەو هۆیەوە گیانی لە دەست داوە.
بەپێی وتەی شایەتحاڵان، تەرمی ناوبراو، کاتژمێری ٢ی نیوەڕۆ لە گۆڕستانی شەریفاوا، لە شاری تیکاب بە خاک سپێردراوە.
بەپێی ئەو وتانەی بە چاونیوز گەیشتووە، هێرۆ کچێکی ڕووخۆش و قوتابێکی زیرەک بوو و زۆر حەزی لە ژیان بووە، بەڵام بەداخەوە لە ماوەی ڕابردوودا زۆر لە ناخەوە تێک چووە و هۆکاری ئەم خۆکوژییە بۆ باری دەروونی ناوبراو دەگەڕێننەوە.





