چاونیوز: لە ماوەی یەک هەفتەدا، دوو ژن لە کوردستاندا کۆتایییان بە ژیانی خۆیان هێنا.
بەپێێ زانیارییەکانی بەردەست، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی خەرمانان، ژنێکی خەڵکی گودی “گردکسپیان” سەربە شاری پیرانشار، بە هۆی گوشار و توندوتیژیی بنەماڵەکەی، بە شێوەی خۆهەڵواسین کۆتاییی بە ژیانی خۆی هێنا.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی شەممە، ٢١ی خەرمانان، ژنێکی دیکەش بە ناوی “سوعدا شنۆیی” تەمەن ٢٧ ساڵ، دایکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی “مەلا عیسا” سەربە شاری شنۆ، بە هۆی گوشار و زەختی بنەماڵەکەیەوە، لە ڕێگای خۆسووتاندن، کۆتاییی بە ژیانی خۆی هێنا.
خۆکوژی ژنان لە کۆمەڵگایەک کە هیچ یاسایەک بۆ پشتیوانی لە مافەکانیان و داکۆکیکردن لە پێگەیان لە کۆمەڵگا نەبێت، دەبێتە دیاردەیەکی دزێو و مەترسیدار کە ژنان پەنای بۆ دەبەن.
شایانی باسە، جیا لە بەرزبوونەوەی خۆکوژیی ژنان لە کۆمەڵگای کوردستان و ئێران، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، چەندین حاڵەتی خۆکوژیی پیاوان لە کوردستان و ئێران بەرچاو دەکەوێت کە زۆربە بە هۆی گوشاری ئابووری و بێدەرەتانی ڕوویان داوە.





