چاونیوز: حوکمی سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسیی کورد، بۆ جاری دووهەم پشتڕاست کرایەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، حوکمی سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی عەلیاوای بۆکان، بە ناوەکانی ڕەئووف شێخمەعرووفی و محەممەد فەرەجی، کە لە ڕاپەڕینی ژینادا دەسبەسەر کرابوون، بۆ جاری دووهەم لەلایەن دیوانی بەرزی قەزاییی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە.
حوکمی سێدارەی ئەم بەندکراوە کە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای مەهابادەوە درابوو، پاش تانەلێدان بۆ دیوانی بەرزی وڵات، حوکمە لەلایەن دادگای ورمێیەوە پەسند دەکرێتەوە و بۆ جاری دووهەم کە حوکمەکە بۆ پێداچوونەوە دەڕواتەوە لای دیوانی بەرزی وڵات بۆ جاری دووهەم پشتڕاست دەکرێتەوە.
سزای لەسێدارەدانی لاوان و هاووڵاتییانی کوردستان و ناوچەکانی دیکە، پاش ئاگربەسی شەڕی ئێران لەگەڵ ئامریکا و ئیسرائیلەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و ئەمە بابەتە نیگەرانیی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسی لێ کەوتووەتەوە.





