ڕۆژی یەکشەممە ۲۷ی ڕەزبەری ۱٤۰٤، شەش هاووڵاتیی خەڵکی ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، کە پێشتر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی میاندواو دەسبەسەر کرابوون، سەرجەم بە ۱٨ مانگ و ٦ ڕۆژ بەندکران حوکم دران.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەزبەر، ئەو شەش هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای سزایی (کیفری)، میاندواو بە سەرۆکایەتی دادوەر (وەلایی) بە تۆمەتی تەبلیغ بە دژی نیزام، لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی دایکی چەند شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، هەر کام لە: سەدیق عەباسنژاد، خەڵکی قەڵای هۆلاکۆ خان، بێهزاد بەرجەستە، کەیوان بەرجەستە و نیما قوربانزادە، خەڵکی برایماباد، سەید خالەق ڕەحیمی و مۆبین مەجیدزادە خەڵکی گامێشگۆلی، بە ٣ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران حوکم دران.
ڕۆژی ٥ی ڕەشەممەی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزەکانی ئیتلاعاتی میاندواو بەبێ پێبوونی حوکمی قەزایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو شەش هاوونیشتمانییە و دەسبەسەریان کردبوون و پاش مانگێک ڕاگیران لە گرتووخانەی ورمێ هەر کام لەوان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و پێنسەد میلیۆن تمەنی، بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوون.





