چاونیوز: لاوێکی کورد بۆ جێبەجێبوونی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوو، “محەممەد لوتفیفەڕ”، لاوی خەڵکی مەهاباد، پاش بانگهێشتکردنی بۆ دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی کە ٥ ساڵ و ٥ مانگ بەندکرانی تەعزیرییە، ڕەوانەی بەندیخانەی ئەم شارە کرا.
ئەم لاوە کوردە، پێشتر لە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش چەند هەفتە مانەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
شایانی باسە، ئەم هاووڵاتییە، پێشتر بە تۆمەتی “هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات”، ١٢ ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە سەردا سەپابوو، کە دواتر لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ بۆ ٥ ساڵ و ٥ مانگ گۆڕدرا.





