مامۆستا زانا حوسێنی، چالاکی مەزهەبیی کورد، خەڵکی جوانڕۆ و پێشنوێژی یەکێک لە گوندەکانی ئەو شارە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو به چاونیوز، ڕۆژی دووشەممە ۱۲ی خەزەڵوەری ۱٤۰٤ی هەتاوی، مامۆستا زانا حوسێنی، پێشنوێژی گوندی “تورکەپان”ی، سەر بە شاری جوانڕۆ، کاتژمێر ۳ی بەرەبەیانی لە ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو دوای دەسبەسەرکرانی لە جوانڕۆ، بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی کرماشان گوازراوەتەوە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانی دراونە پاڵی و هەروەها چارەنووسی ئەم چالاکوانە ئایینییە لە بەردەستدا نییە.





