چاونیوز: دوای تێپەڕبوونی نزیکەی هەفتەیەک بەسەر ونبوونی تەرمی مەسعوود سادقی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری کرماشان، لە پزیشکی دادوەریی تاران دۆزرایەوە.
ناوبراو پێشتر بەهۆی ئەوەی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە تێیدا بەرەوڕووی نادادپەروەری دەبێتەوە، سەرنجی زۆر کەس بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.
بەپێی زانیارییەکان، مەسعوود سادقی، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی و خەڵکی شاری کرماشان، ماوەی هەفتەیەک بوو پێوەندی بە کەسوکارییەوە نەمابوو. دوای هەوڵ و بەدواداچوونی چڕی بنەماڵەکەی، دواجار لە ڕێگەی سەردانکردنی پزیشکی دادوەریی تارانەوە، تەرمەکەیان ناسیوەتەوە و هەواڵی گیانلەدەستدانیان بۆ پشتڕاست کراوەتەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن، کە ناوبراو لە ڕووی دارایی و پێگەی کۆمەڵایەتییەوە هیچ گرفتێکی نەبووە و خاوەن ژیانێکی ئاسایی بووە، بەڵام وەک کەسایەتییەک ناسرابوو کە لە ئاست نادادپەروەری و پێشێلکارییەکان کەسێکی بەهەڵوێست بوو.
شایانی باسە، مەسعوود سادقی بەهۆی بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی زیاتر دەرکەوت. لەم ڤیدئۆیەدا کە ناوبراو ڕێگری لە سووکایەتیکردن بە فەرمانبەرانی گومرگ دەگرێت و بە شێوەیەکی توند و بوێرانە وڵامی نوێنەرێک دەداتەوە، تا ئەو ئاستەی ناچاری دەکات شوێنەکە بەجێ بهێڵێت.





