مەسعوود نەزەری، چالاکوانی مەزهەبیی کوردی خەڵکی جوانڕۆ، لە شاری ئیستانبوڵی تورکیە، لە لایەن کەسانێکی نەناسراو تێرۆر کرا.
ناوبراو چەند ساڵ لەمەوبەر بەهۆی گوشاری بەردەوامیی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەناچاری زێدەکەی خۆی بەجێهێشتبوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان( چاونیوز)، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤ مامۆستا “مەسعوود نەزەری” لە لایەن کەسانێکی نەناسراو لە ناوچەی ئارناواتکوری ئیستانبوڵ، هێرشی کرایه سەری و بەهۆی قووڵی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئەمنییەتی تورکیە، لێکۆڵینەوە بۆ شناسایی و دەسبەسەرکردنی بکەرانی ئەم تێرۆره دەستی پێکردووە.
تا ئێستا هیچ لایەن و گروپێک بەرپرسیارەتی ئەم هێرشەی وەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام بنەماڵەی “مەسعوود نەزەری” کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری ئەم تێرۆرە دەزانن و ڕایانگەیاند کە ناوبراو بە بەردەوامی لە لایەن ئەوانەوە هەڕەشەی تێرۆرکردنی لێکرابوو.
شایانی باسە کە ئەم چالاکوانە مەزهەبییە بۆ ماوەی دە ساڵە بە هۆی چالاکییەکانی و ڕەخنەگرتن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، زێدی خۆی بەناچار بەجێهێشتبوو و لە وڵاتی تورکیه نیشتەجێ بوو.





