فەرشاد فەرەجی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تیکاب، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە کاتی سەردانکردنی بانک، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ١ ساڵ و ٢ مانگ زیندانی تەعزیرییەکەی، بۆ بەندیخانەی میاندواو گوازرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە چاونیوز، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤، فەرشاد فەرەجی، دوای بلۆککرانی هەژماری بانکییەکەی و دەرچوونی حوکمی گرتن بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی، لە بانک لەلایەن مەئمورانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا.
ئەم هاووڵاتییە لە کۆتاییەکانی پاییزی ئەمساڵدا لەلایەن دادگای ئینقلابی تیکاب بە سەرۆکایەتیی قازی حەزرەتی، بە تۆمەتی “تەبلیغ دژی نیزام” و “سووکایەتیکردن بە ڕێبەری” بە ١ ساڵ و ٢ مانگ زیندانی تەعزیری حوکم درابوو.
فەرشاد فەرەجی پێشتر لە ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٤ بەبێ نیشاندانی حوکمی قەزایی و بە شێوەیەکی توندوتیژانە لە ماڵی خۆیدا دەسبەسەر کرابوو.
ناوبراو لە ٣١ی بانەمەڕدا بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، بەڵام دوای ئازادبوونیشی چەندین جار بۆ لێپرسینەوە بانگهێشت کرابوو.





